دانیشتنی ژماره‌ (١٤)ی ئاسایی تایبەت بوو خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پڕۆژه‌یاسای چاكسازی

٢٠٢٠/١/١٣

به‌شى یه‌كه‌می دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان تایبه‌ت بوو به‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پڕۆژه‌یاسای چاكسازی
به‌پێی خاڵی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (١٤)ی ئاسایی ماده‌كانی پێنجه‌م و شه‌شه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ڕێكخستنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ده‌رماڵه‌كان و رێكخستنه‌وه‌ی هه‌ژمارى خزمه‌ت و پێداچوونه‌وه‌و رێكخستنه‌وه‌ى پله‌و ناوونیشان و مووچه‌ی وه‌زیفیى سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران به‌پێی یاساو په‌یڕه‌و و رێنماییه‌ كارپێكراوه‌كان، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراو چه‌ندین سه‌رنج و تێبێنی و پێشنیاز بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ماده‌كه‌ خرانه‌ڕوو و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی ستافى حكومه‌ت كرد بۆ به‌رچاووڕوونیی زیاترو ره‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و ترس و گومانانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییان و چین و توێژه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر ماده‌و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌ هه‌ن و ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ دوای روونكردنه‌وه‌ى زیاترو خستنه‌ڕووی ئامانجى سه‌ره‌كیی داڕشتنی ئه‌و مادانه‌ بۆ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، دڵنیایی ته‌واویان به‌ئه‌ندامان و هاووڵاتییاندا كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاریى ده‌رماڵه‌كان ناكرێت، به‌ڵكو مه‌به‌ست لێی رێكخستنه‌وه‌یانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌و هه‌روه‌ها پێداچوونه‌وه‌و رێكخستنه‌وه‌ى پله‌و ناوونیشان و مووچه‌ی وه‌زیفیى سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانه‌ به‌پێی یاساو په‌یڕه‌و و رێنماییه‌ كارپێكراوه‌كان.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان دانیشتنه‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌ڵپه‌ساردو رایگه‌یاند: “سه‌عات 3ى پاشنێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ درێژه‌ به‌دانیشتنه‌كه‌مان ده‌ده‌ین”.

‎بابەتی پەیوەندی دار